پەڕلەمانتارێکی گۆڕان: بەشدارینەکردنمان لەحکومەتی عێراق پەیوەندی بە مەرجی بارزانی یەوە نەبوو
نوچەنێت
پەڕلەمانتارێکی بزوتنەوەی گۆڕان لە پەڕلەمانی عێراق ئاشکرای دەکات، بەشداری نەکردنی ئەوان لە حکومەتی عێراق پەیوەندی بەمەرجی بارزانی نەبووە، و بەر لەکشانەوەی ئەوان لە گفتوگۆی پێکهێنانی حکومەتی بارزانی وازی لەو مەرجە هێنا بوو کە دەبێت ئەوان بگەرێنەوە ناو فراکسیۆنە کوردستانییەکان.
سەردار عەبدوڵا پەڕلەمانتاری لیستی گۆڕان لە پەرلەمانی عێراق، لە پەیجی تایبەتی خۆی، چۆنیەتی کێشانەوەی لیستەکەی لە گفتوگۆی پێکهێنانی حکومەتی عێراق ئاشکرا دەکات و دەڵێت”مەسەلەی کشانەوەی گۆڕان لە ئیئتیلافی کوردستانی مەسەلەیەکی یەکجار گرنگە و هەر دەبێ دواتر قسەی لەسەر بکرێت، بۆیە ئێستا هەوڵ دەدەم باسی دوارۆژی گفتوگۆکانی پێکهێنانی حکومەت بکەم، سەرلە بەیانی رۆژی ٢١/١٢/٢٠١٠، لە هۆڵی دەستوری لە پەرلەمان کۆبونەوەی کوتلە سیاسیەکانی پەرلەمان بەمەبەستی قسەوباس و رێککەوتن لەسەر بەرنامەی حکومەتەکەی مالیکی. ئێمە خۆمان بۆ کشانەوە لە گفتوگۆکانی پێکهێنانی حکومەت ئامادە کردبو و تەنانەت شەوی پێشو دەقی بەیانی کشانەوەکە ئامادە کرابوو، هاوپەیمانی نیشتمانی داوایان لێکردین ئێمە چەند سەعاتێک راگەیاندنی کشانەوەمان لە گفتوگۆکانی پێکهێنان حکومەت رابگرین هەتا کێشەکە لەگەڵ هەولێر چارەسەر دەکرێت و ئەوانی برایانی یەکگرتوی ئیسلامیان راسپاردوە دوا هەوڵی خۆیان لەگەڵ هەولێر بخەنە کار. هەڵبەتە ئێمە لەو کاتەدا لەگەڵ برادەران لە بەغدا و لە سلێمانی لە سەر خەت بوین بۆ داڕشتنەوەی دوا بڕیارمان، لای نیوەڕۆ برایانی یەکگرتوی ئیسلامی کوردستان هاتنە لامان داوایان کرد پێکەوە دابنیشین چونکە ئەوان ئەنجامی هەوڵەکەی خۆیان پێیەو دەیانەوێ بە رەسمی پێمان رابگەیەنن”.
عەبدوڵا ئاشکرای دەکات، کە بارزانی وازی لەو مەرجە هێناوە کە دەبێت گۆران بگەڕێنەوە ناو فراکسیۆنە کوردستانیەکان و نوسیویەتی”برایانی یەکگرتو پێیان وتین ” کاک مەسعود وازی هێناوە لە مەرجی گەڕانەوەی گۆڕان بۆ ناو ئیئتیلافی فراکسیۆنە کوردستانیەکان، بەمەش کێشەکە چارەسەر بوەو ئێستا رێگریەک لەبەردەم بەشداریکردنی گۆڕان لە حکومەتدا نەماوە”. پاش ئەوە گفتوگۆیەکی چەند دەقەیی خێرا کەوتە نێوانمان. ئەو گفتوگۆیە دوا داوای مەسعود بارزانی و دوا پەیامی ئێمەشی لە خۆ گرت کە کۆتایی بە هەمو گفتوگۆکانی ئێمە هێناو ئەوە بو لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا دوا هەڵوێستی خۆمان بە کشانەوە راگەیاند”. ئە پەڕلەمانتارەی گۆڕان تەئکید لەوە دەکاتەوە کە بارزانی ئەو مەرجەی نەبووە کە گۆڕان بەشداری پێنەکرێت و دەڵێت”جارێکی تر دڵنیاتان کە مەسعود بارزانی وازی لەو مەرجە هێنابو کە دەبێ ئێمە بگەڕێینەوە ناو ئیئتیلافی فراکسیۆنە کوردستانیەکان”.