گەنجانی یەکگرتوو: دەبێت یەکگرتوو یەکلای بکاتەوە ئایا ئەو پەیجانەی شەڕی کۆنە قین دەکەن سەر بەئەون؟
نوچەنێت
کۆمەڵە گەنجێکی یەکگرتوو، یاداشتێک ئاراستەی یەکگرتووی ئیسلامی دەکەن و رایدەگەیەنن، کە دەبێت ئەو حزبە یەکلای بکاتەوە، ئایا ئەو پەیجانەی لە فەیسبووک شەڕی کۆنە قین بەناوی یەکگرتووەوە دەکەن، سەربەو حزبەن یان نا، داواش دەکەن یەکگرتوو هەڵوێستی هەبێت، چونکە وەک دەڵێن” ئێمە وەکو ئەم کۆمەڵە گەنجەى کە خۆمان بە یەکگرتوو دەزانین، رێنادەین لە پشت پەردەى گەنجى یەکگرتووەوە سەنگەر لە کەس و دەزگا بگیرێت”.
دەقی یاداشتی گەنجانی یەکگرتوو
بەڕێز/ دەزگاى چاودێرى و بەدواداچوونى یەکگرتووى ئیسلامى کوردستان
بابەت/ یاداشت
خاڵێک کە ئێمەى یەکگرتوو هەمیشە شانازیمان پێوە دەکرد، میانڕەوى و زمانى نەرمى وتن بووە، لەوکاتەى کە بووین بە یەکگرتوو و بڕیارماندا بەردەوام بین لەسەر کارى چاکسازى و پەروەردەیەکى ئیسلامیانە، فێرکراین کە ئێمە ئەو مرۆڤانە بین کە هیچکات رێ بە خۆمان نەدەین خەڵکى تر بشکێنین، ئەمەش هیچ کات بەوەمان لێکنەداوەتەوە کە نەرمى ماناى ترس و بێدەنگى بووبێت.
بەڵام دیاردەیەک کە لێرەو لەوێ لە پەیجى کۆمەڵایەتى فەیسبووک دەبینرێت، چەند پەیجێک خۆیان کردووە بە دەمڕاستى گەنجانى یەکگرتوو و بە ویست و میزاجى کەسى خۆیان، شەڕى کۆنەقین بە کەسانى تر دەفرۆشن، کە ئێمە بۆچوونمان وایە دەبێت یەکگرتووى ئیسلامى کوردستان خۆى یەکلابکاتەوە، یان بەروونى ئەوە بڵێت کە ئەمانە سەر بەون، یان هەڵوێستى هەبێت، چونکە ئێمە وەکو ئەم کۆمەڵە گەنجەى کە خۆمان بە یەکگرتوو دەزانین، رێنادەین لە پشت پەردەى گەنجى یەکگرتووەوە سەنگەر لە کەس و دەزگا بگیرێت.
ئەم چەند خاڵەش ئاماژە پێئەدەین:
1- سەنگەرگرتن لە میدیاى ئەهلى هیچکات بەشێک نەبووە لە کارى یەکگرتوو و گەنجەکانى، لەماوەى رابردوودا یەکگرتوو زۆرترین پشتیوانى لە میدیاى ئازاد کرتووە. ئەمەى بە شێوەى جیا بەرانبەر گرتن لە میدیاى ئازاد پێش هەر لایەنێک یەکگرتوو زەرەرمەندى یەکەمە.
2- یەکگرتوو هیچکات خۆى لە سەرووى رەخنەوە نەبینیوە، وەکو ئەوەى ئێستا بەشێک لەو پەیجانەى بە ناوى “گەنجانى یەکگرتوو”ەوە دەستیانداوەتێ و بڕوایان وایە کە نابێت رەخنە لە یەکگرتوو بگیرێت.